ئایا شۆڕشی ئەدەبی، یان ئەدەبی شۆڕشگێڕی لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە؟

Hevpeyvîna Rojnameya BûyerPress
7 نوفمبر، 2021
“على كتّابنا وأدباءنا تخليد ثورة روج آفا، وتحويل كل ما حدث إلى أدب راق وإيصاله إلى العالم”
8 نوفمبر، 2021

ئایا شۆڕشی ئەدەبی، یان ئەدەبی شۆڕشگێڕی لە ڕۆژئاوای كوردستان هەیە؟

پۆڵات جان بۆ دیبلۆماتیك: نەتوانراوە ئەدەبێکی شۆرشگێڕیی باش لەڕۆژئاوای كوردستان بەرهەم بهێنرێت

2018.12.23

لە دیدارەدا لەگەڵ دیبلۆماتیك مەگەزین، پۆڵات جان نوسەرو ڕۆژنامەنووس، لە سەر دیدو تێڕوانینی بۆ ئەدەبی شۆرشگێڕی‌و کارو بەرهەمە ئەدەبیەکان لە ڕۆژئاواو باکوری سوریا دەدوێت.لەتەك باسکردنی بەرهەمەکانی‌و کاریگەری شۆڕشە کوردییەكان لەسەر بەرهەمەکانی، لەم دیدارەدا، قسەو باس لە ڕۆڵی خۆی لە دامەزراندنی ڕادیۆ کوردییەکان‌و تێڕوانینەکانی بۆ ڕاگەیاندن دەكات.

دیبلۆماتیك: تێڕوانینتان بۆ ئەدەب‌و ئەرکی ئەدەب چییە لە قۆناغی شۆڕشگێڕیدا، هەڵسەنگاندنت بۆ ئەدەبی شۆڕشگێڕی چییە لە ناوچەکەمان( ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)؟

پۆڵات جان: سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە ڕۆشنبیری بە گشتی‌و ئەدەب بە تایبەتی وەک ڕۆحی کۆمەڵگە وان، وەک پۆشاکی ڕۆحی مەعنەوی شارستانییە مادییەکانن، هەروەها کەلەپورێکی سەرسورهێنەر وپاشماوەیەکی مێژوویی نەمرن، ئەدەب ڕۆڵی خۆی هەیە، بەڵام ڕۆڵەکانی گرنگ‌و کاریگەرن لە ڕۆشنبیری‌و پێشکەوتن‌و توانای کۆمەڵگە.
بەڵام ئەدەبی شۆڕشگێڕی بە پلەی یەکەم ئەرکی دیاریکردنی هۆکارەکان‌و قەیران‌و ناخۆشییەکانی ناو کۆمەڵگەیە، چۆن پزیشک‌و پەرستیاران نەخۆشییەکە دیاریدەکەن‌و دواتر چارەسەری دەکەن، ئەدەبیش وایە، واتە ئەدەب پرسە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ دەکات‌و ئاماژە بە لایەنە جیاوازەکانی دەدات، دواتریش چارەسەر و چارەسەری نموونەیی بۆ دەدۆزێتەوە، دوای ئەوەش هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات، پاشان هەر کۆمەڵگەیەک لە هەر پارچە زەوییەکی ئەم جیهانەدا بێت، دەتوانێت بە جۆرێک لە جۆرەکان سود لە ئەدەبە شۆِرشگێرییەکان وەربگرێت، بە واتایەکی تر دەتوانین پێناسەی شۆڕشگێڕی بکەین بەوەی ئەدەبێکی بوێرو یاخی و ڕەخنەگر و داهێنەرە، ئەدەبی شۆِرشگێری پێوویست ناکات ئەدەبێکی سیاسی یان حیزبی یان جەنگی بێت، ئەو ئەدەبە پڕ نییە لە دروشم‌و قاڵبە عەقائیدییەکان، بەڵکو ئەدەب پێوویستە ژیان بێت، شۆڕش لە تێڕوانینی ئەدەب واتەی هەڵگەڕانەوەیە یان دەرچوونە لە شتە باوەکان، کە هەوڵ دەدات کۆمەڵگە لە گەردنی شوشەی خواردا دەربهێنێت، بۆیە ئەدەب ڕۆڵی مێژوونووسی ئەو شۆڕشە دەبینێت، بەڵام بێگومان ناتوانین بڵێین ئەدەب بە تەنها خۆی ڕۆڵی پێشەنگ و ئاڕاستەی شۆڕش دەبینێت، بەڵکو خاوەنی ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەرە لە شۆڕشەکاندا.

لەسەردەمی ڕۆشنگەری وهەستانەوە لە ئەوروپا، ئەدەب‌و هونەر لە پاڵ لایەنی ئابووری‌و بازرگانی‌و سیاسی لە ڕووداو و گۆڕانکارییە ڕیشەییەکاندا ڕۆڵی سەرەکیان گێڕا، لە بونیاتنانی ڕەهەندی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی، ناتوانرێت بەبێ ئەدەب‌و هونەر باس لە ڕۆشنگەری و هەستانەوە بکەین، هەروەها ناتوانین باسی شۆڕشێک بکەین کە ئەدەب یەکێک نەبێت لە پایەکانی، هەر شۆڕشێک ئەدەب بەرهەم نەهێنێت‌و گرنگی پێنەدات، ئەوا شۆڕش نییە.

لە شۆڕشە نوێیەکاندا ئەدەب دەبێتە لایەنێکی ڕاستەوخۆ کە کاریگەری لەسەر جەماوەر بەجێدەهێڵێت، هەروەها دەنگی جەماوەر دەگەیەنێت بە جیهانی دەرەوەو نەوەکانی دوای خۆی، واتە ئەدەب ترپەی دڵ و چاوی شۆڕشە، بەم شێوەیە دەتوانین وەسفی ئەدەبی شۆڕشگێری بکەین.

بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناتوانین باسی ئەدەبێکی بەهێز بکەین کە بەشداربێت لە درێژەدان بە شۆڕش، یان باس لەلایەنەکانی‌و پێناسەی بکەین، بەتایەبەت کە زۆرینەی شۆڕشەکانی ناوچەکەمان شۆڕشێکن کە بەرگی ئاینیان لەبەرکراوە، یان کودەتای سەربازین، و بە فەرمانی پیاوانی ئاینی‌و کەسایەتییە سیاسی‌و سەربازییەکان یان هێزە دەرەکیەکان دەجوڵێنەوە.

دیبلۆماتیك: ڕۆژئاواو باکوری سوریا بە قۆناغی شۆڕشێکی نایابدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای ڕەخنەکان ئایا هاوشانی شۆڕشەکە ئەدەب بەدی دەکرێت، بە بۆچوونی ئێوە بەرهەمە ئەدەبیەکانی رۆژئاواو باکوری سوریا گەیشتونەتە ئاستێک کە پێیان بوترێت ئەدەبی شۆِرشگێڕی؟

پۆڵات جان: دەتوانم بڵێم هەستانەوەیەکی فکری‌و ڕۆشنبیری لە رۆژئاوادا هەیە، بەتایبەت لەباکوری سوریا، دەمەوێت لێرە لەسەر بابەتی دەستەواژەی شۆڕشی رۆژئاواو باکوری سوریا بوەستم، بەڵێ شۆڕشی رۆژئاوا بوونی هەیە کە لە 19/تەموزی/2012 دەستی پێکرد، هاوکات شۆڕشی سوریا هەیە کە لە 15/ئازار/2011 دەستی پێکرد، بەڵام شۆڕشی باکوری سوریا دەستەواژەیەک نییە بە ناوی شۆڕشی باکوری سوریا، بەڵکو بزوتنەوە یان کاریگەری شۆڕشی رۆژئاوا لە سەر باکوری سوریا هەیە، بە تایبەت کە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی باکوری سوریا ئازادکراون‌و کە لە رۆژئاواوە دەستی پێکرا، کە لەسەر بنەمای یاسای شۆڕشەکە بوو، ناتوانین باسی ( شۆڕشی ئەدەبی) بە واتای کەلیمە لە باکوری سوریاو رۆژئاواو تەنانەت هەموو سوریاش بکەین، زیادە ڕەوی کردنە بڵێین( شۆڕشی ئەدەبی) لە باکوری سوریا..
شۆرشەکە ڕۆشنبیریە، بەڵێ گەشەسەندن‌و گرنگیدان بە زمانی کوردی‌و سریانی هەیە، هەروەک چۆن هەوڵ بۆ گەشەی رۆشنبیری گشتی‌و دیموکراتی لە ئارادایە، بەڵێ بە دڵناییەوە ئەوە هەیە، بەڵام ئایا گەیشتۆتە ئاستی شۆڕشی ئەدەبی، ئەوا زیادەڕەوی کردنەوەو ئێستا زووە باسی ئەوە بکرێت.

من لەو باوەڕەدام گەورەترین کێشەی وڵات کەمی خوێنەرو کتێبخانەیە، هەروەها کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە خەڵکی ڕوو دەکەنە تەلەفزیۆن‌و ئامێرە زیرەکەکان‌و نەتوانینی دەستخستنی کتێبە، کاتێک باسی شۆڕشی ئەدەبی دەكەین، ئەوا گۆرکی، تۆڵستۆی، دۆستۆفسکی، هۆگۆ، هەمنگوای، ئەوسترۆنسکی و چەندانیتر لە ئەدیبانی شۆڕش و شۆڕشی ئەدەبیمان دێتەوە یاد، ئەو کەسایەتیانە ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە درێژەدان بەشۆڕش‌و تەوجیهدان بە شۆرش لە پێدانی فکرێکی گەورەی ڕووحی مەعنەوی لەسەرئاستی نیشتمانیی و جیهانی بە شۆڕش، بەڵام دوای ئەمانە ناتوانرێت باسی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان بکرێت، کە نەتوانراوە حاڵەتێکی ئەدەبی تایبەت بەشۆڕشی رۆژئاوا دروست بکرێت، هەروەها نەتوانراوە ئەدەبێکی شۆرشگێڕیی باش و جیاواز بەرهەم بهێنرێت کە کەشێکی گشتی بۆ ئەدەب فەراهەم نەکراوە.

دیبلۆماتیك: بەڵی ئەوە ڕوونە، بەڵام بۆچی کەسایەتییەکی ئەدیبی شۆڕشگێڕی تاکو ئێستا دەرنەکەوتووە، یان لە رۆژئاوا دروست نەبووە، کە لە ساڵی (2012)ەوە شۆرشی تێدا هەڵگیرساوە؟

پۆڵات جان: با بپرسین چەند رۆمان‌و چەند چیرۆک‌و دیوانە شیعر یان هەرجۆرێکی دیکەی ئەدەبی لە رۆژئاڤا دەرچووە کە باس لە رۆژانەی شۆرش‌و ڕووداو و دەرئەنجامەکان بکات؟ پێدەچێت ئەوە زۆر کەم بێت، کەسانێک هەبن کە ئەدەبەکەی خۆیان بنوسنەوەو چاپ‌و بڵاوی بکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەیان تایبەت نین بە شۆڕش بە تایبەت شۆڕشی رۆژئاوا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، دواتریش نووسەر شۆڕشگێڕ ناکرێت دروست بکرێت یان ڕابسپێردرێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک، بەڵام ئەدیب(نوسەر) لە رەحمی شۆڕش لە دایک دەبێت‌و لەگەڵیدا دەژی‌و نوێ دەبێتەوە، لە رۆحیدا خۆراک وەردەگرێت‌و لە رۆحیشیەوە خۆشەویستی لەگەڵ دەکات.

کێشەی ئێمە وەک گەلی سوریا بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی ئەوەیە کە بێبەشین لە مافە زمانەوانی و رۆشنبیری و کارگێرییەکان…. هتد، زۆرینەی ئەدیب و نوسەران و تەنانەت ئەوانەشی تازە دەستیان بە نووسینی ئەدەب کردووە، نامێنن‌و کۆچ دەکەن‌و لە غەریبی دەمێننەوە، لەبەرئەوە ئەوانەی لە ناوچەکەمان گرنگی بە لایەنی ئەدەبی‌و رۆشنبیری دەدەن کەمێکیان نەبێت نەماونەتەوە، بە تایبەت کە دۆخەکە لە جەنگدایەو گوزەران قورسەو ململانێکان توندن، هەروەها لەگەڵ ئەمانەشدا هێرشە تیرۆرستیەکان وای لە زۆرینەیان کردووە کۆچ بکەن، ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئەو توێژە ئامادە نین ڕوبەڕووی دۆخە قورسەکان ببنەوە، یان لە کاتی ناخۆشی‌و کارەساتدا لەناو کەسووکاریاندا بمێننەوە، لەبەرئەوە نوسەرانێک نابینین کەنوێنەرایەتی شۆرشی رۆژئاوا بکەن یان بەرهەمی ئەدەبی بە پێزی هەبێت، جگە لەوانەی کە چالاکی نوسینەکانیان لە چەند وتارێک یان بەشداری لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەبینێتەوە، بەڵام وەک ئەدیبی شۆڕشگێڕ، یان ئەدەبی شۆڕشگێڕ بە واتای کەلیمە ناتوانین ببینینەوە.

دیبلۆماتیك: دیارە کە تۆ کاریگەری بە شۆڕشەکانی کوردستان، لەبەرئەوە پەنات بۆ بڵاوکردنەوەی چەندین لایەنی بردووە، کە وامان لێدەکات بڵێین ئەو قسەیە ڕاستە کە دەڵێت: (ئەدەبی شۆڕشگێڕی بەرهەمی خودی شۆڕشگێڕانە)، کۆمێنتان بۆ ئەوە چیە، ئایا باسی گرنگترین وێستگەکانمان بۆ دەکەیت کە کاریگەرییان لەسەر کەسایەتی ئەدەبیت هەبووە؟

پۆڵات جان: دەربارەی خۆشم، بەڵی من لەچەندین بواری جیاوازداو چەندین ساڵ لەناو شۆڕشی کوردستاندا بووم، لە شەڕەکان‌و لە قارەمانێتیەکاندا بەشداریم کردووە، هەروەها لە ڕووی گوزەران‌و کاریگەری بە شەرەکان‌و قارەمانێتی‌و قوربانیدان‌و کاریگەرییە راستەوخۆکانی شۆرش لە گۆڕانکارییە کۆمەلایەتی‌و فیکریەکاندا راستەخۆ بەشداربووم، من وەک خۆم بەو پەڕی باوەڕمەوە هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی گرنگ‌و کاریگەری لەسەر لایەنی فکری‌و رۆشنبیری هەبوبێت بەشداربووم، زۆرێک لە بزوتنەوە سەربازییەکانمان لەسەر ئاستی جیهان ناسی، هیچ کاریگەرییەکی رۆشنبیری‌و ئەدەبیان جێنەهێشتووە، چونکە خاوەنی تایبەتمەندی نەبوون، بۆ نموونە هیچ ئەدەبێکمان نیە تەنها باسی هەڵمەتەکانی جەنگیز خان و هۆلاکۆ و تەیموری لەنگ بکات، بۆیە ئەو گەلانە هیچ ئاسەوارێکیان دوای خۆیان جێنەهێشتووە، بەڵکو شارستانێتیان وێران کردووە.

لەبەرئەوە هەر شۆڕشێک بە واتای کەلیمە گەر بیەوێت شۆڕش بێت، پێوویستە لەسەرجەم بوارەکاندا بەتایبەت لایەنی کۆمەڵایەتی‌و فیکری‌و ئەدەبی‌و مەعنەوی شۆڕش بێت، من لەو باوەڕەدام‌و لە ژیانی رۆژانەشمدا ماوەی چەندین دەیەیە جێبەجێی دەکەم، لەبەرئەوە لەو باوەڕەدام کە نوسینی کتێب‌و وتارو چیرۆک یان هۆنینەوەی شیعر، هەروەک هەستان بە کارێکی سەربازی یان بانگەشەی سیاسی وایە، دەستکەوتێکە کە هیچ شۆڕشێکی دیکە ناتوانێت نرخی کەم بکاتەوە.

دیبلۆماتیك: ڕادیۆی جودی کە داتانمەزراندووە بە یەکەم رادیۆی باکوری سوریاو رۆژئاوا دادەنرێت، دەتوانیت باسی رۆژانی دامەزراندنی رادیۆکەمان بۆ بکەیت؟
پۆڵات جان: لەسەرەتادا زۆرێک لەوانەی قسەمان لەگەڵ دەکردن، هاندەری کردنەوەی ڕادیۆکە نەبوون، بیانووی ئەوان ئەوە بوو کە ئێستا سەردەمی ئینتەرنێـت‌و تۆڕە کۆمەڵایەتی‌و کەناڵە ئاسمانییەکانە، هیچ ڕۆڵێک بۆ رادیۆ نەماوە.

بەڵام لە ساڵی (2012)دا کاتێک ژێرخانی ئابووری لە سەرانسەری وڵاتدا وێرانبوو، لەو کاتەدا ڕۆڵی ئینتەرنێت کەم بوو، هەروەها کارەبا لەسەرانسەری وڵاتدا دەبڕا، لەو کاتەدا پێویستبوو ڕۆڵی ڕادیۆ دەربکەوێتەوە، رادیۆی ( جودیFM) سەرەتا بوو، ئەزمونێکی باش‌و بوێری بوو، بە توانایەکی کەمەوە دەستمان پێکرد، بۆ نموونە لە بیرمە، ئەو کاتەی بۆ شوێنێک دەگەڕاین بۆ ئەوەی رادیۆکەی تێدا بکەینەوە، شوێنێکمان دەست نەکەوت، ئێمە ئامێری پەخشەکەمان هەڵدەگرت‌و لەم شوێن بۆ ئەو شوێن دەمانگواستەوە.

بەناو شاری قامیشلۆدا گەڕاین، شوێنێکی گونجاومان دەست نەکەوت، دواتر چووین بۆ تەل مۆزان، لەوێش نەمانتوانی شوێنێک بدۆزینەوە، پاشان چووین بۆ شاری عامودا، لەوێ لەسەر بینای سەنتەری رۆشنبیری شوێنێکی بچووکمان دیاریکردو دەستمان بە پەخشی ئەزمونی کرد، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک تێبینی ئەوەمان کرد، کە پەخشەکەی تەنها لەناو شاری عامودایەو ناگاتە قامیشلۆو هیچ شوێنێک، لەبەر ئەوەناچار بووین ئامێرو بورجەکە بگوازینەوە بۆ شاری قامیشلۆو لەوێ جێگیریان بکەین، تاکو ئێستاش هەر لەوێیە، ڕادیۆی جودی لە بواری راگەیاندندا بوو بە خوێندنگایەک، چەندین خوێندکار لەو رادیۆیە دەرچوون‌و ئێستا لە سەرانسەری رۆژئاوا کاردەکەن، ئەو رادیۆیانەی دیکە کە دامەزران وەک رادیۆی کۆبانێ کە چەند مانگێک دوای رادیۆی جودی دامەزرا هەروەها رادیۆی رۆژئاوا کە لەیەکی نیسانی 2013 کرایەوە، دواتریش دەنگی عەفرین کە لە ساڵی 2013 کرایەوە، لەسەر ئەو بنەمایە دەڕۆن کە رادیۆی جودی دایڕشتووە، ئێستا دەیان رادیۆی ناوخۆیی لەسەرجەم شارەکانی رۆژئاواو باکورو رۆژهەڵاتی سوریا هەیە، بەڵام رادیۆی جودی خاوەنی شەرەفی یەکەمین رادیۆیە.

دیبلۆماتیك: کاری کۆڕبەندەکان چییەو چی لە ئەستۆی نوسەران‌و رۆشنبیراندایە، لە ڕووبەرووبونەوەی مەترسییە ناوخۆیی‌و دەرەکیەكان‌و بیروبۆچوونە توندڕەوەکان؟

پۆڵات جان: لەسەرەتادا ئێمە بە واتای کەلیمە پێویستمان بە شۆڕشێکی رۆشنبیری هەیە، حەوت ساڵە دەجەنگین‌و نزیکەی هەشت ساڵە لە حاڵەتی شۆڕشگێریداین، چەندین داستانی بەرگری‌و ئەفسانەیی تۆمار کراوە، هەروەها چەندین دەستکەوتی مێژوویی بەدەستهاتووە، هەروەها چەندین شەر هەڵگیرساوە رۆژانە قوربانییەکان زیاتر دەبوون، گۆرانکاری لە ژێرخانی کۆمەڵایەتی‌و فیکری لە کەسایەتی ژنان و پیاواندا ئەنجامدراوە، جۆرێک لە سۆزو ئیسارا لای گەنجانی کورد هەیە، مرۆڤەکانی ئەو ناوچەیە بە عەرەب‌و مەسیحی‌و کوردەوە کاری ناوازە ئەنجام دەدەن.

لەبەرئەوە نوسەران‌و ئەدیبان لە رۆژئاوا بە تایبەت‌و باکور و رۆهەڵاتی سوریا بە گشتی پێوویستە مەلە لە دەریای شۆڕشدا بکەن‌و زیادی بکەن‌و هەموو ئەوانەی ڕوودەدات بکەن بە نوسین، سەرکەوتنەکان کە لە شەڕەکاندا بەدەست هاتووە بیکەن بە بەرهەمی ئەدەبی وەک چیرۆک و رۆمان و ئەفسانە… هتد.
ئێمە پێویستمان بە زیندوو راگرتنی شۆڕشی رۆژئاواو قارەمانێتی 8000 شەهید هەیە، ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەی کە بە هۆی شۆڕشەوە ڕوویداوە، پێوویستە لەسەرمان لە ئەدەبدا بە زیندوویی بیهێڵینەوە، هەروەها بیگوازینەوە بۆ زمانە جیهانیەکانی ( ئینگلیزی و فەرەنسی، روسی و ئیسپانی…. هتد) بۆ ئەوەی هەموو جیهان بزانن لە رۆژئاوا چی روویداوەو چیمان پێشکەشی سەرجەم مرۆڤایەتی کردووە، چۆن شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد، چۆن یەکینەکانی پاراستنی گەل دامەزرا، چۆن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە دایکبوو، ئەو قارەمانانە چۆن دەرکەوتن، بارین کێیە ئاڤێستا کێیە، زۆزان و ئیریش و روبار و کەنداڵ کێن، کێبوون بەرگریان لە کۆبانێ‌و عەفرین کرد، کێبوون ئەوانەی ناوچە کوردیەکانی حەلەبیان ئازادکرد، کێ بوون ئەوانەی پایتەختی خەلافەتیان ڕووخاند، کێبوون ئەوانەی ڕووبەرووی گەورەترین هێرشی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و نوسرەو هاوپەیمانەکانیان بوونەوە، کێبوون ئەوانەی لە خراپیترین بارودۆخدا بناغەی برایەتیان لە نێوان پێکهاتەکان دامەزراند، سیستەمێکیان رێکخستەوە کە پڕ بوو لە تاوان‌و ئاژاوەو کێشە کە لەناوچەکەی دابوو.

بۆیە ئەدیبان پێوویستە لەسەریان بە زووترین کات ئەمانە بگوازنەوە بۆ ئەدەبێکی نایاب‌و بەرهەمێکی گەورە، بە شێوەیەک جێگەی شانازیمان بێت‌و بیگەیەنین بە هەموو جیهان.
لە کۆتایدا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە پێویستە کار لەسەر فراوانکردنی نوسەران و هاندانی خوێندنەوە بکەین، هەروەها کتێب بە دەست بخەین‌و بە شێوەیەکی فراوان بڵاویان بکەینەوە، خوێندنەوە دیسان پایەیەکی گرنگە بۆ هاندانی نوسەران لەسەر داهێنەکانیان.

پۆڵات جان كێیە؟

پۆڵات جان نوسەرو رۆژنامەنووسی خەباتکاری شۆڕشی کوردییە، بە زمانەکانی کوردی‌و عەرەبی‌و تورکی دەنوسێت، ئەندامی لقی کوردی یەکێتی نوسەرانی نێودەوڵەتییە.

خاوەنی چەندین کتێبی ئەدەبی‌و توێژینەوەو لێکۆڵینەوەیە:

  • کۆمەڵە چیرۆکی “ێ‌ه یا صغیرتی” بە زمانی عەرەبی 2003 .
    – نوسەری گفتوگۆ “ێ‌فاق کونفدرالیە” بە زمانی عەرەبی ساڵی 2006 .
    – کۆمەڵە چیرۆکی “Berfa Germ” بە زمانی کوردی ساڵی 2004 .
    – کتێبێک دەربارەی ژنانی کورد لە قەوقاز “القلوب المهاجرە” بە زمانی تورکی ساڵی2006 .
    – کتیبَکی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی “زمانی فریشتە” بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی ساڵی2005 .
    – کۆمەڵە شعری “نسا‌و القرنفل” بە زمانی عەرەبی ساڵی2009 .
    – فەرهەنگی ناوە کوردییەکان “Nav Name” بە زمانی کوردی ساڵی2017ز
    – کتیبێکی دۆکۆمێنتاری لەسەر گۆرانی و مۆسیقای میللی کوردی لە قەوقاز “QulingênRewanê” بە زمانی کوردی.
    – کۆمەڵە پەخشانی “وفا‌و الروح” بە زمانی عەرەبی (دەستنوس).
    – هەورەها چەندین کتێبی لە تورکیەوە کردووە بە عەرەبی لەوانە. ” رسائل الڕمل”، و “درر الکلام”، و”الشجاعە الحقیقیە” للمفکر عبد الله ڕوجلان.
    -هەڵساوە بە ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەک لە هونەر وئەدەبی شۆڕشگێڕیی لە شرۆڤەکانی بەرێز عبداللە ئۆجەلان بە ناوی “Edduba” بە زمانی کوردی لە ساڵی ٢٠٠٤.
    – کورتەیک لە مێژووی کوردی 2012 حلب. –دەروازەیەک بۆ راگەیاندنی کوردی 2012.
    – هەنگاوە کردارییەکان بۆ ئیدارەی خۆ بەرێوەبەری 2012 قامشلو
    – لمحات عن حزب العمال الکردستانی- دراسە سیاسیە وپائقیە (دەستنوس).
    – رەخنە لە عەقڵیەتی رۆژهەلاتی . توێژینەوەیەکی فکری رەخنە ئامێزە 2017(دەستنوس).
    -راکردن بۆ ئازادی ، 2002 (دەستنوس).
    – غربلە الافکار 2009.

چەندین ساڵ لە بواری ئەدەبی سیاسی و سەربازی کاری کردووە، ( لە گۆڤاری الاتحاد الحر فی العراق نوسیویەتی، بەڕێوەبەر و نوسەری گۆڤاری میزوبوتامیا کە بەزمانی ئەرمینی لە یریفان- ئەرمینیا دەرچووە، بەڕێوەبەری ماڵپەری میزوبوتامیا ئونلاین بووە. راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکایەتی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بووە. سەرنوسەری گۆڤاری الشرق الاوسگ فی بغداد بووە. پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی میزوبوتامیا بووە ، سەرنوسەری گۆڤاری بەرگری لە گەل و ئەندامی ئیدارەی سەنتەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی هێزی بەرگری گەلی کوردستان بووە، چالاکوانی بزوتنەوەی گەنجانی دیموکراتی بووە لە کاتی هەڵگیرسانی شۆرشی گەلی سوریا، سەرپەرشتیاری گشتی ئەکادیمی مڤلوم دوغان بووە کە بۆ خوێندکارانی زانکۆ بووە لەو ئەکادیمیە وانە بێژ بووە، هەماهەنگکاری گشتی کۆنفدراسیۆنی خوێندکارانی کوردی نیشتیمانیی بووە، دامەزرێنەری یەکەم رادیۆی کوردی بووە بە ناوی ( جودی ئیف ئێم) دواتریش چالاکیەکانی لە ( کۆبانی ئیف ئێم) و( رۆج ئاڤا ئیف ئیم) درێژە پێداوە، بەرپرسی سەنتەری راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل بووە، وتەبێژی راگەیاندنی (YPG) بووە، نوێنەری یەکینەکانی پاراستنی گەل بووە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەرپرسی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان بووە.


Diplomatic Magazine

1 Comment

  1. يقول נערת ליווי אילת:

    Im pretty pleased to uncover this site. I want to to thank you for your time due to this fantastic read!! I definitely loved every part of it and i also have you book-marked to look at new stuff on your site.

اترك رداً على נערת ליווי אילת إلغاء الرد

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *